Hojin Science Magazine 15 : گۆڤاری زانستیی هۆژین ١٥
لە تایبەتنامەی ئەم ژمارەیەدا باس لە کاریگەریی تەکنەلۆجیا نوێیەکان لەسەر ژیانی داهاتوو دەکەین. پرسیومانە ژیریی دەستکرد چۆن بۆ ئاسانکردنەوەی ژیان یارمەتیدەرمان دەبێت، لە بەڕێوەبەرایەتیی وزە جێگرەوەکانەوە بگرە تا بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکان. پەلاماری چەت جی.پی.تی. مان داوە کە بووەتە جێی مشتومڕی زانایان و نەقڵی مەجلیسان! ئەمە هەر بووکەڵەیەکە یان داهاتووی ژیانە! ئاوڕێکمان داوەتەوە لە کاریگەرییەکانی تەکنەلۆجیا لەسەر شێوازە نوێیەکانی پەروەردە، کارکردن و ژیانی مێتاڤێرس. باس لە توێژینەوەیەک دەکەین کە لەوانەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا جەرگ و دڵ و ڕیخۆڵەی نوێمان بۆ چاپ بکات! لە وتارێکی دیکەدا، دەپرسین چۆن تەکنەلۆجیا دەتوانێت بە هانامانەوە بێت و کێشەی بەدخۆراکی و برسێتی چارەسەر بکات. ئەوانەی دڵەڕاوکێی تەکنەلۆجیا نوێیەکانیان هەیە لەبیرمان نەکردوون و وتارێکی دەروونناسانەمان بۆ ئەوان داناوە. جگە لە تایبەتنامە، کۆمەڵێک بابەتی سەرنجڕاکێشی دیکە لە بوارە جیاوازەکاندا پێشکەش کراوە. گرینگترینیان دوو بابەتن کە بۆ یەکەم جارە لە هۆژین کارێکی وا دەکەین. بە شانازییەوە، بۆ یەکەم جار لە هۆژیندا، لەگەڵ پڕۆفیسۆرێکی کوردی ژن وتووێژمان ساز داوە. دکتۆر سروە کامرەوا لە ئەمریکاوە بووە میوانمان و وەڵامی پرسیارەکانی داینەوە. لە بابەتێکی دیکەدا، بووینە میوانی ڕێکخراوەیەکی زانستی لە ئیلامی خۆشەویستی کوردستان و پێناسەی ئەم ڕێکخراوەیە، بۆ یەکەم جار، نەک بە سۆرانی، بەڵکوو بە شێوەزاری کوردەلی کە لەو ناوچەیە باوە، پێشکەشی ئێوە ئازیزان دەکرێت. بۆ ئەو ئازیزانەی کە ئاوێتەی زانست و فەلسەفەن، بەشی دووەمی وتاری «ئاولەمەی بلووری»تان پێشکەش دەکەین. بۆ هاندەرانی گەردوونناسی چەند دیاریی تایبەتمان هەیە. لە وتارێکدا پرسیومانە بوومەلەرزە تایبەت بە زەوییە یان لە هەسارەکانی دیکەشدا ڕوو دەدات؟ لە وتارێکی دیکەدا، پرۆژە گەورەکانی گەردوونناسیمان لە مێژووی مرۆڤدا کۆ کردووەتەوە و باسیان دەکەین. پاشان ورد بووینەوە لە سەرنجڕاکێشترین پرۆژەی نوێی گەردوونناسی، واتە جەیمز وێب! گۆڤاری ئەم ژمارەیەمان بە وەڵامی پرسیاری ئێوە کۆتایی پێ دێنین. توێژەرانی هۆژین لە بەشی ئێوە پرسیتان وەڵامی پرسیاری یەکێک لە خوێنەران سەبارەت بە ڕۆژووی پچڕپچڕ دەدەنەوە! وەکوو چەند ژمارەی پێشوو، لەم ژمارەیەشدا، گۆڤار بە سێ شێوەی چاپکراو، سەرهێڵ، و فایلی دەنگی پێشکەش دەکرێت. هەروەها، سێ بابەتمان بە شێوەی ڤیدیۆ ئامادە کردووە کە بە سکەنکردنی کیو.ئاڕ.کۆدی سەر بابەتەکان دەتوانن چاویان لێ بکەن.